دیاریەكەی هەورامان ماوەی چوار ساڵە كەس بۆی ناپرسێتەوە


ماوەی نزیكەی ٤ ساڵە نەخۆشخانەی ٤٠ قەرەوێڵەیەكەی بیارە لە ناوچەی هەورامانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە تەواوكراوە بەڵام هێشتا نەكراوەتەوە.
بەڕوبەرایەتی گشتی تەندروستی  پارێزگای هەڵەبجەش هۆكاری نەكردنەوەی نەخۆشخانەكە ئاشكرا دەكەن و ڕایانگەیاند ڕاستە نەخۆشخانەكە لە ڕووی بیناوە تەواو بووە  و بڕی  سێ ملیار و شەسەد ملیۆن دیناری تێچووە بەڵام كردنەوەی نەخۆشخانەكە پێویستی بە دابینكردنی ئامێری پزیشكی بە بڕی دوو ملیۆن دۆلار  و دامەزراندی پزیشك و كامەند هەیە كە سەرەڕای ئەوەی ڕەزامەندی وەزارتی تەندروستی وەرگیراوە بۆ دامەزراندی ١٥٦ پزیشك و كارمەند ودابینكردنی ئامێری پزیشكی بۆی بەڵام وەزارەتی دارای بەبیانوی قەیرانی ئابووری ئامادە نیە پێداویستیەكانی كردنەوەی نەخۆشخانەكە دابین بكات.
نەخۆشخانەكە بە پێشكەوتووترین شێواز دروستكراوە و چەند بەشێكی وەك ( یەكەی فریاكەوتن ، نەشتەرگەری ، تیشك ، منداڵبوون) لە خۆدەگرێت، بۆیە هاوڵاتیانی ناحیەی بیارە و ناحیەی خورماڵ و شارۆچكەی تەوێلە و هەتا گەشتیارانیش كە سەردانی ناوچەكە دەكەن سوودێكی زۆری لێدەبینن.
ئەمە لە كاتێك دایە دانیشتوانی هەورامان بۆ چاسەری تەندروستیان بە هۆی نە بوونی چارەسەری پێویست بۆ نەخۆش لە سنوری هەورامان ناچارن ڕوو لە مەڵبەندە تەندروستیەكانی هەڵەبجە و سلێمانی بكەن ، ئەمەش ئاستەنگی بۆ دانیشتوانی سنوورەكە دروست كردووە و داوادەكەن هەرچی زووە بكرێتەوە.


ئامادەکردنی:زانیار ‌‌ابراهیم

هەموو ماڵپەر و لایەنێک ئازدە لە بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە بەمەرجێک ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکات

No comments