مێژووی گەڕاوی خورماڵ و سودەکانی

 گەڕاوی خوڕماڵ
ئاوی گەڕاوی خورماڵ سەرچاوەیەكی ئاوی وەك كانیاوە دەكەوێتە شارۆچكەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، كەبە گەڕاوی ئاوی خورماڵ ناسراوە، ئەم ئاوە ئاوێكی ئاسای نیە وەك سەرچاوە ئاویەكانی تر، بەڵكو ئاوێكە بە پێی پشكنینی پزیشكی بۆنی هەیە كە بۆنی هێلكەی كوڵاوی لێ دێت و تام و رەنگی هەیە كە بەهۆی بوونی ماددەكانی گۆگرد، كبریت و فسفۆر تێیدا رەنگی ئاوەكە شینێكی كاڵە، لە ناو شارۆچكەی خورماڵ دەكەوێتە خورماڵی كۆن لای قەڵای گەڕاو و ئاوەكەی دەڕژێتە ناو ئاوی زەڵم لە شارۆچكەی خورماڵ.

گەڕاوی خوڕماڵ مێژووێكی دوورو درێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا، ئەم ئاوە كۆمەڵێك تایبەت مەندی هەیە لەوانە ئاوێكە پلەی گەرمی بەرزترە لە ئاوی ئاسایی، باران ببارێت یان نە بارێت ئەم ئاوە هەر وەك خۆیەتی وڕێژەی ئاوەكە  كەم و زیاد ناكات.
ئەم سەرچاوەیە لە نزیك سەرچاوەی ئاوی گەنجانە وە ئاوێكی كانزاییە، جیاوازە لە سەرچاوە ئاوییەكانی تر(گەرمە و شڵەتێنە)، بۆنێكی تایبەتی هەیە بۆنەكەی لە بۆنی هێلكەی كوڵاو دەچێت، چونكە لە چینە قوڵایەكانی ناخی زەوی هەڵدەقوڵی و كە ناخی زەویش پلەیەكی گەرمی زۆر بەرزی هەیە ئەمەش وادەكات جۆری ئاوەكە گەرم بێت، هەروەها بەناو ئەو هەموو جۆرە چینە بەردو خاكەو ماددە تواو گازە پەنگخواردوەكانی ژێر زەویدا   تێپەڕدەبێت كە مەوادی كیمیاویی جۆراوجۆریان تێَدایە  ئەمەش وادەكات تام و رەنگ و بۆنی ئاوەكە بگۆرێت، ئەم جۆری ئاوە بۆ خواردنەوە بەكار ناهێنرێت، بەڵكو زیاتر بۆ مەبەستی  نەخۆشی پێست و گەشتیاری... هتد بە كار دێت، ئاوێكە زۆر بەدەگمەن دەبینرێت لە جیهاندا، هاو شێوەی ئەم ئاوە لە پارێزگای موسڵ هەیە كەبە حەمام علی ناسراوە.


سمكۆ سالار، بەڕێوبەری ناحیەی خوڕماڵ بە ژیان¬ی رایگەیاند:" بوونی ئەم گەڕاوە لەناحیەكەیان وای كردووە خەڵك لە ناوچە جیاوازەكانەوە روبكەنە شارچكەكەیان بەو پێیەی ئاوی گەڕاوی خورماڵ بۆ چەند مەبەستێك بەكاردێت لەوانە بۆ نەخۆشیەكانی پێست، هەروەها بەو پێیەی ئاوێكە جیاوازە لە ئاوی ئاسایی بۆیە گەشتیار سەردانی دەكەن، بەهۆی ئەوەی ئاوێكە ماددەی كانزای جۆراو جۆری تێدایە دەتوانرێت لە داهاتوودا بۆ مەبەستی پیشەشازی بەكاربهنرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد، كە لە ساڵی ٢٠١٤ پڕۆژەیەكیان بە بڕی ٥٠ ملیۆن دینار ئەنجام داوە بۆی و لە ئایندەشدا پڕۆژەیان هەیە بۆ گەڕاوەكە و دەرخستەیان بەبڕی دوو ملیۆن دۆلار كردووە بۆی و ناردوویانە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی گەڕاوەكە فراوان بكرێت و ئەو ئاوەی لە گەڕاوەكە دەڕژێتە ئاوی زەڵمەوە گلی بدەنەوە و ماددەكانی ناوی لێ لاببرێت بۆ ئەوەی زیان بە كشتوكاڵ نەگەێنێت بەو پێیەی ئاوێكە بۆ كشتوكاڵ كردن ناشێت، بەڵام بە هۆی قەیرانی دارایەوە تائێستا وەڵام نەدراونەتەوە.

علی ئەحمەد، سەرپەرشتیاری ئاوی گەڕاوی خورماڵ دەڵێت، هاوڵاتیەكی زۆر رودەكاتە ئاوی گەڕاوی خورماڵ بۆ چارەسەری نەخۆشیەكانی پێست و هەندێكیتریشی  بۆ سەردان و گەشتیاری دێت، هەروەها ئێستا بەهۆی قەیرانی دارایەوە سەردانی هاوڵاتیان كەم بووەتەوە و هاوڵاتی  ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و پارچەكانی تری كوردستانی گەورە و ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەردانی ئەم گەڕاوە دەكەن، ئەوانەی سەردانی ئێرە دەكەن لە هەموو تەمەنە جیاوازەكانی تێدایە بە هەردوو رەگەزەوە .

مهدی خلیل، پزیشكی نەخۆشیەكانی پێست پێی وایە زیادەڕۆیی كراوە دەربارەی ئەم ئاوە كە بەو شێوە بڵاوە بەكاردەهێنرێت بۆ نەخۆشیەكانی پێست، چونكە ئەم سەرچاوە ئاویە ئەوەندەی شوێنێكی لە باروگونجاوە بۆ لایەنی گەشتیاری ئەوەندە بۆ لایەنی چارەسەری پزیشكی گونجاو نیە،  زیانی هەیە بۆ ئەو كەسانەی پێستیان نەخۆشی ڤایرۆسی و بەكتریایی هەیە یان پێستیان وشكە بەكاری بهێنن.
ئاماژەی بەوەش كرد راستە ئەم ئاوە بۆ هەندێ لە نەخۆشیەكانی پێست بەكاردێت لەوانە چەورە بیرۆ، چارەسەری سەرەتای سەدەف، گەڕۆڵی و زیبكەی لەش، بەڵام ئەوەش دەبێت بەڕێنمای پزیشك بێت.

مهدی رێنمای هاوڵاتیان دەكات تاوەكو سەردانی پزیشكی پسپۆڕ نەكەن ئەم ئاوە بەكار نەهێنن، پێویست سەرەتا نەخۆش سەردانی پزیشك بكات نەخۆشیەكەی دیاری بكرێت و دواتر ئەگەر ئەم ئاوەی بەكارهێنا لەژێر رێنمای پزیشك بەكاری بهنێت.

هەندێ كەس ئەم ئاوەیان بەكار هێناوە كە پێشتر نەخۆشی پێستیان هەبووە چاك بوونەتەوە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ئەم ئاوە وەك دەرمانی چەند نەخۆشیەك بناسرێت، كازم ئەحمەد، یەكێكە لەو كەسانەی كە نەخۆشی پێستی هەبووە و لە دەرەوەی شارۆچكەی خورماڵ هاتووە بۆ ئەم گەڕاوە و دوای ئەوەی ئەم ئاوەی بەكاریهێناوە چاك بووەتەوە و باس لەوە دەكات هەستیاری(خوران) لەشی هەبوو راستەوخۆ دوای هەستیاریەكە سەردانی ئەم گەڕاوەی كردوو چاكبۆتەوەەوە، پێشی وایە خۆیو برایەكی و مامەیەكی و كوڕی ئامۆزایەكی سوودیان لەم ئاوە وەرگرتووە و چاكبوونەتەوە كە پێشتر نەخۆشی پێستیان هەبووە.

یەكێكی تر لەو كەسانە كە سوودی لەم ئاوە وەرگرتووە و بۆ ماوەی سێ ساڵ هەستیاریەكی لە لەشی هەبووە و سەردانی چەند پزیشكێكی كردووە چاكنەبووەتەوە ئەویش عبداللە حاجی حسێن، كەدانیشتووی شارۆچكەی خورماڵە، ئەو دەڵێت:" بۆماوەی سێ ساڵ هەستیاریەك لە لە شم هەبوو ئیتر لەو ماوەدا رۆژێك سەردانی ئەم گەڕاوەم كرد و دوای ماوەیەك لە بەكارهێنانی ئەم ئاوە چاكبووەتەوە:" راستە ئەم ئاوە تا ئێستا لێكۆڵینەوەێكی  ورد و زانستی بۆ نەكراوە تاوەكو سوود و زیانەكانی بزانرێ، بەڵام هاوڵاتیان بۆ نەخۆشیەكانی پێست بەكاری دێنن و لە ناوچە جیاوازەكانەوە هاوڵاتیان سەردانی دەكەن.





سەرچاوە " ماڵپەری ژیان
ئامادەکردنی : زانیار ‌أبراهیم

No comments