لادێی خورماڵ لە ساڵی ١٩٤٠ زاینیدا

     
لە ساڵی 1940 دا وەك كارگێرێك لە لادێی خورماڵدا فەرمانم دەبینی بۆ میری (دەوڵەت) خورماڵ كە بە شێك بوو لە ناوچەی
 هەڵەبجە. گوندی خورماڵ خۆی بچوك بوو، هەر پەنچا شەست ماڵێك دەبوون بەڵام لادێكەی خورماڵ زۆر گەورە بوو. بەشی جافەتیەكەی گەرمیان و دەشت بوو، بەشی هەورامانەكەی شاخ و كێو  بوو پر بوو لە دارو درەخت ڕزو و باخات چەم و كانیاو  پارچەیەك بوو لە بەهەشتی كوردستان.  دەوروبەری لادێەكەی خورماڵ نزیكەی حەفتا  بۆ هەشتا گوندێك دەبوون ژمارەی دانیشتوانی نیشتەجێی گوندەكان نزیكە (15000) كەسی تێدا بوو، شێوەی زمانی جافەتی (سۆرانی) شێوە زمانی هەورامی (هەورامی) بوو، لەگەڵ ئەوەشدا لە یەكتر تێدەگەشتن زۆربەی زەوی و زار بەدەست بەگزادەكانی جاف و هەورامان و شێخەكانی بیارەو تەوێڵەوە بوو
هەروەها بازرگانیشی زۆربەی بە دزیەوە دەكرا لە گەڵ كوردەكانی ئێراندا كە لە سنوردا بوون تەنها بە دەست چەند دۆڵەمەندێكی ناوچەكەوە بوو، بەڵام لە ژێر دەستی ئەو بەگزادەو شێخانەدا بوون. ئیتر بەشی زۆری دانیشتوانی خورماڵ رەنجبەر و جوتیار بوون، بەهەژاری دەژیان، خاوەنی زەوی وزار نەبوون
هەندێكیشیان هەرچەندە خاوەنی زەوی و زار بوون بەڵام دەرامەتیان ئێجگار كز بوو، بە كولەمەرگی دەژیان، لە هەموو لادێكەدا سێ‌ خویندگا و دوو نەخۆشخانە هەبوون ڕێگای قیر تاو كراو لە ناوچەكەدا هەر نەبوو. هەروەها بەهۆی زۆرداری هەندێك لەو بە گ و شێخانە و كەمتەرخەمی فەرمانڕەوایی و خراپی زۆربەی فەرمانبەرانەوە، هەرسێ‌ دەردەكە (هەژاری، نەخۆشی، نەخوێندەواری) بەناویاندا بڵاو بوبیەوە
 لەگەڵ ئەمەشدا تا ڕادەیەكی زۆر لە چاو گوندەكانی تری كوردستاندا گوندەكانی هەورامان بە تایبەتی (تەوێڵە، بیارە، باخەكۆن) پێشكەوتوو بوون لە پێشە سازی و بازرگانی و باخداری و خانووبەرەدا
    لە ڕاستیدا لەم رٍووەوە سەرۆكە بەگ و شێخەكان دەستێكی باڵایان لە داگیری كاری زۆڵم زۆرداریدا هەبوو. ئەوانە هەرچەندە زۆربەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و بۆ چەوسانەوەی دانیشتوانی گوندەكان وەك دەرە بەگ هەڵس و كەوتیان دەكرد
بەڵام بەهۆی ئەو هێزو دەستەڵاتە گەورەیەوە گە لە باو باپیریانەوە بۆیان مابویەوە جۆرە ئەمن و ئاسایشكیان بۆ گوندەكان دامەزارندبوو، لەسایەی ئەو ئاسایشدا دانیشتوان دەیان توانی بازرگانی لەگەڵ برا كوردەكانی ئێراندا بكەن و دۆڵەمەند بن، ئەو بازرگانانە هەرچەندە باج و بێگاریان بەسەرەوە بوو كە ناچار بوون بیدەن بە شێخە و بەگزادانە كە دەستەڵاتیان هەبوو لە ناوچەكدا، بەڵام بەو سامانەی كە بۆیان دەمایەوە دەیانتوانی خانوو دوكانی باش دروست بكەن لە ژیانیشدا پێشكەوتوتر رابوێرن
بەڵام لە بابەتی زۆرداری هەندێك لە شێخەو بەگانەی هی كۆن و نوێ‌ چیرۆكی وام دەبیستەوە كە جێگەی ترس و دڵە راوكی بوون زوڵم و زۆرداری گەیشت بوویە ئاستێك كە دانیشتوانی ناوچەكەی تۆقاندبوو
 لەگەڵ ئەوەشدا ناوچەكە بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببوو  بەرەی شێخەكان و بەرەی بەگەكان زۆرجار بە هۆی پەرژەوەندی ناكۆكی هەردوولاوە شەرو كێشە دەكەوتە ناویان تەنها خەڵكی هەژارو بەستە زمانەكان باجیان دەدات و دەبونە قوربانی پەرژەوەندیەكانیان بەم زۆڵم زۆرداریە هەم بەگەكان و هەم شێخەكان دەستەڵاتیان بەرویوە دەبرد لە ناوچەكەدا
 منیش زۆر بیتاقەت دەبووم بەو هەڵسوكەوتەی بەگەكان بۆیە بیرم كردەوە خەڵكی چۆن رزگار بكەم لەم زۆردارانە تەنها خوێندەواری دەتوانێت رزگاریان بكات، گەڵێك هەوڵمدا بۆ كردنەوەی خوێندنگایەك لە(خورماڵ)، تاوەكو خەڵكی بەستە زمان رزگار بكەم لەزوڵم زۆری ئەو بەو گەو شێخانە بەڵام فەرمان ڕوای نەیكردەوە، منیش ناچاربووم بە یارمەتی دانیشتوانی ناوچەكە هەرچونێك بووە خوێندنگایەكی شەو بكەمەوە،بۆ بەرنگاربونەوەی نەخوێندەواری
  بەهەر حاڵ دوای هەوڵ و ماندوبونێكی زۆر داوام لە (شێخ حسام الدین)كرد ژورێكی دامێ‌، لەگەڵ هەندێك دارو هەندێك پارە كە ژورەكەی پێی چاك بكەم، و پری بكەم لە كورسی و مێز و تەختە و سۆپا نزیكەی شانزدە قوتابی جێیان دەبویەوە لە ژورەكەدا. ناردم لە سلێمانی نوسراوی (الف و بێی) و (چیرۆكی منداڵان )یان بۆ هێنام، قوتابیەكان هەموویان گەورە بوون لەرووی تەمەنەوە خاوەنی ژن و ماڵ منداڵ بوو تەنیا یەكێكیان نەبێت منداڵ بوو
ئیتر خۆم یەك دوو فەرمانبەری تر بە شەو وانەمان پێ دەخوێندن، لە پاش شەش مانگ تەنیا شەش كەسیان لێ مایەوە ئەوانیتر بەهۆی ئیش و كار مشغوڵ بوونەوە وازیان لێ هێنا، بەڵام ئەم شەش كەسە كە بەردەوام بوون هەموویان فێری نوسین و خوێندنەوە و ژماردن بوون زۆر بە ئاسانی دەیان توانی كاروباری ماڵەوە و دەورو بەر بیبەن بە رێوە
 هەر لە خورماڵ لە هاویندا باخچەیەكم بۆ دانیشتوانی ناوچەكە دروست كرد، ئەوكاتە كە (شێخ حسام الدین) بە جێی هێشتین و خوا عفوی بكات، بەڵام دوای خۆی كورەكەی (شێخ محمەد ) هەروەك باوكی زیاتریش یارمەتی دام پارچەیەك زەوی و ئاو دارێكی زۆری دامێ‌ و بۆ باخچەكە. هەروەها باخچەكە لەسەر شێوەی پڕ ئەندازە كاری وەك قاڵێكی نوێ‌ ڕەنگا و ڕەنگ دروستكرابوو دیمەنێكی زۆر جوانی هەبوو، هەفتەی جارێك هەموو لادیە كانم بانگ دەكردە ئەوێ‌ بۆ چا خواردنەوە و گوێ‌ لە ڕادیۆ گرتن و بیستنی زانست و هونەرو ئامۆژگاری بە سود هەواڵی دەورو بەر
 هەروەها رۆژنامەێكی تایبەتیم بۆ دەردەكردن كە پر بوو لە هەواڵ زانیاری و هەمەرەنگ كە ناوم نابوو (خورماڵ) ئەم رۆژنامەیە هەفتەی دوو جار ڕۆژانی (دووشەمە، پێنچ شمە)لە ناو باخچەكدا هەڵم دەواسی بە زمانی كوردی ئەمەش زیاتر بۆ هۆشیار كردنەوە و پێشكەوتنی خەڵكی لادیەكان بوو
 ئیتر وای لێ هاتبوو هەموو ئێوارەیەك خەڵكی خورماڵ و لادیەكان دەهاتنە با خچەكەوە زۆر قەرەباڵغ دەبوو،  هەواڵ و زانیاری ئەو هەفتەیان وەر دەگرت دەیان زانی
 هەروەها بێجگە لەوەش لە ژێر رۆژنامەكدا سندوقێكی بچوكمان هەڵدەواسی بۆ (پرس و پیتاك) كە بەخت بكرێت بۆ هەژارانی خورماڵ لەڕاستیدا ئەم خوێندنگا و باخچە و رۆژنامەیە ببویە كامەرانی و بختەوەری دانیشتوانی ناوچەكە
چونكە بەهۆی ئەم سێ‌ دەزگایەوە خەڵكێكی زۆر دەهاتن بۆ باخچەكە كۆدەبونەوە تێكەڵاویان دەكرد زیاتر یەكتریان دەناسی زۆرجار كێشەكانیشیان لەوێ‌ چارەسەر دەكرت خۆشەویستێكی زۆر لە ناو دانیشتوانی ناوچەكە دروست ببوو. بەم شێوەیە هە فتەی دوو جار رۆژنامەكە دەر دەچوو بەردەوامبوو، یەكەم ژمارەی 3/ 6/ 1940 دەرچوو، كوتا ژمارەیشی لە 24/ 9/ 1940 دا دەرچوو
تاوەكو ژمارە (24) لێ دەرچوو، هەمووم كردن بە بەستەیەك بۆ ئەرشیف لە ناو نوسراو خانووەكەدا هەڵمگرتن. دوای ئەوە من گواسترامەوە بۆ خولی سەربازی، بە رۆشتنی منیش رۆژنامەكەش كۆتایی هات چونكە كەسی تیا نەبوو بتوانێت رۆژنامەكە دەری بكات، تەنیا ئەو دوو كەسە بوون بتوان یادگاریەكان وەك خۆیان بهێڵنەوە هۆشیار تر بوون تكام لە خەڵكی ناوچەكە كرد یارمەتی مامۆستا (مەلا خالید) پێش نوێژی مزگەوتی خورماڵ هەروەها( شێخ محمەد حلمی ) برین پێچ، بدەن لە پاراستنی ئەو سێ‌ یادگاریدا وەكو (خوێندگاكە، باخچەكە  رۆژنامەكە )، هەروەها ئەم دووكەسە وەك فەرمانبەر كاریان دەكرت لەم سێ‌ دەزگایدا
ئیتر لەماوەی ئەو تەمەن كورتەم كە لەخورماڵ بوو هەر ئەوەندەم پێكرا خزمەت بكەم بە یارمەتی دانیشتوانی ناوچەكە توانیمان تاڕادەیەك خزمەتی دانیشتوانی ناوچەكە بیكەین، لە ڕووی پێشكەوتن و هۆشیار كردنەوە و ئاستی رۆشنبیری و تێگەیشتنیان لە كێشەكانی ژیان زۆڵم زۆرداری بەگەكان
لە كۆتایدا زۆر سوپاسی خوا پاشان خەڵكی بەرێزو دڵسۆزی دانیشتوانی خورماڵ دەورو بەری دەكەم كە توانیمان لەو ماوەیدا وەك برا لە یەك خێزان بەیەكەو بژین

..............................
ماڵپەری خورماڵ نیوز
سەرچاوە:کتێبی خورماڵ
نوسەر:سەلام ‌غەفور
..............................
هەموو ماڵپەر و لایەنێک ئازادە لە بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە بەمەرجێ ئاماژە بە سەرچاوەکەی بکات
..............................

No comments