86 ساڵی تەمەنە و 56 ساڵە سەرتاشخانەی هەیە

وەستا زاهیر بە تەمەنی 86 ساڵییەوە تا ئێستە جارێك نەچووەتە نەخۆشخانە، ئەو 56 ساڵە سەرتاشخانەی هەیە و بەو تەمەنەشەوە لە وەرزشكردن بەردەوامە.


زاهیر محەمەد عەزیز ناوی تەواوی ئەو پیاوەیە. ئەو ساڵی 1928 لە گوندی گوڵپی ناوچەی هەورامانی سەر بە پارێزگەی هەڵەبجە لە دایك بووە و تا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندووە، بەڵام بەهۆی دەستكورتییەوە وازی لە خوێندن هێناوە. 
وەستا زاهیر 3 ژنی هێناوە و 12 منداڵی لێیان هەیە و ئێستە هەموویان ژیانی هاوبەشیان پێك هێناوە. ئەو بۆ ماوەی چەند ساڵێكیش پێشمەرگەی شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵان بووە. 
وەستا زاهیر ئێستە لە شارەدێی خورماڵی سەر بە پارێزگەی هەڵەبجە دەژی و بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانی، لە سەرتاشخانە بچووكەكەیدا كار دەكات. ئەو ماوەی 54 ساڵە خەریكی ئەو كارەیە، تەنیا ئەوەندە نەبێ كە چەند ساڵێك بەهۆی شەڕ و ئاوارەییەوە، كارەكەی نەكردووە. 
وەك وەستا زاهیر دەڵێ، ئێستەش لە كارەكەی بێزار نەبووە و هەرچەند زۆربەی ئەو كەسانەی دێنە لای، پیاوە هاوتەمەنەكانی خۆیەتی. ئەو دەڵێ، "گەنجەكان نایەنە لای من، چونكە ئەوان شێوازی نوێیان دەوێت و بیانوو دەگرن، بۆیە منیش بڕیارم داوە سەری گەنجەكان چاك نەكەم".
ئەو درێژە بە قسەكانی دەدا و دەڵێت، "لە ساڵی 1950وە تا ئەمڕۆ، لە وەرزشكردن بەردەوامم و كەسیش ناتوانێ رێگەم لێ بگرێ. ئەگەر رۆژێك وەرزش نەكەم، وا دەزانم دنیا بەسەرمدا رووخاوە".
سەرەكیترین وەرزشی وەستا زاهیر، پیاسەكردنە. ئەو رۆژانە بە پیاسە لە خورماڵەوە دەچێتە گوندەكانی گوڵپ، خارگێڵان یان زەردەهاڵ و مەوداكەشیان نزیكەی 10 كیلۆمەتر دەبێت.
ئەو پیاوە تەمەن 86 ساڵەیە، تا ئێستە تەنیا بۆ نەخۆشیی هەڵامەت سەردانی پزیشكی كردووە. ئەو دەڵێ، "وەرزش وای لێ كردووم هەمیشە تەندروستیم باش بێ و سەردانی نەخۆشخانە نەكەم. جیا لە پیاسەكردن، هەندێ وەزرشیش لە ماڵەوە دەكەم. گوایە گۆشت و چەوری بۆ بەتەمەنەكان خراپە، بەڵام من بە رادەیەكی زۆر گۆشت و چەوری دەخۆم، خەڵك پێیان سەیرە كە تووشی هیچ نەخۆشییەك نەبوومە و تەنانەت سەرئێشەشم نییە".
وەستا زاهیر لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێ، "تەندروستییەكەم بەهۆی وەرزشەوەیە، هەندێ جار لە كاتی پیاسەكردندا گەنجەكان بە ئۆتۆمبێل لە تەنیشتم تێدەپەڕن و بە تانەوە دەڵێن كە خەریكی چیم و وەرزشم بۆ چییە، چونكە هەر دەمرم. من گوێ بەو قسانە نادەم، راستە دەمرین، بەڵام باشترە تا دەژین تەندروستییەكی باشمان هەبێت".
ئەو پێشنیاز بە هەموو تاكەكان دەكات كە وەرزش بكەن، دووپاتیش لەوە دەكاتەوە رەنگە وەك ئەویان پێ نەكرێت، چونكە خۆی 64 ساڵە وەرزش دەكات. وەستا زاهیر دەڵێ، "لەو ماوەیەدا هەندێ گەنج هاتنە لام و گوتیان دەیانەوێ لەگەڵ مندا وەرزش بكەن، بەڵام زیاتر لە هەفتەیەك بەردەوام نەبوون".
وەك وەستا زاهیر دەڵێ، 36 ساڵە نوێژی نەچووە و گرنگییەكی لە سەرووی وەرزشیشی پێ داوە.


سەرچاوە:وشە 

1 comment: